به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی (پ د ك) بۆ ساڵیادی راپه‌ڕێن
به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی (پ د ك) بۆ ساڵیادی راپه‌ڕێن 05.03.2017 | 13:00
به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری كوردستان له‌ دژی داموده‌زگاكانی رژێمی به‌عس حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی: له‌ یادی ڕاپه‌ڕینی شكۆداری ئاداری هه‌زار و نۆسه‌د و نه‌وه‌د و یه‌كی گه‌لی كوردستاندا، سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی ڕاپه‌ڕین و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان داده‌نوێنین، به‌وپه‌ڕی ڕێز و حورمه‌ته‌وه‌ یادیان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

هه‌ر له‌م یاده‌دا پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان به‌تایبه‌تی و له‌ ‌گه‌لی كوردستان به‌گشتی ده‌كه‌ین. ڕاپه‌ڕین كه‌ به‌ فیداكاریی پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی كوردستان ئه‌نجام درا، سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان بوو به‌سه‌ر داگیركاری و سته‌م و دكتاتۆریه‌تی ڕژێمی پێشووی عیراقدا، سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ش بوو كه‌ ئیراده‌ و گیانی شۆڕشگێڕانه‌ی گه‌لی كوردستان له‌ هه‌موو هێز و چه‌ك و سته‌مێك به‌هێزتره‌ و هیچ هێزێك ناتوانێت ئه‌و ئیراده‌یه‌ بشكێنێت. ڕاپه‌ڕین به‌رهه‌م و به‌رده‌وامیی شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كانی پێشتری كوردستان بوو، گه‌لی كوردستان و دۆزی ڕه‌وای كوردستانی گواسته‌وه‌ قۆناغێكی دیكه‌ی مێژوویی كه‌ ده‌سكه‌وته‌كانی وه‌ك هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و دامه‌زراندنی حكوومه‌ت و بیناكردنی دامه‌زراوه‌كان و هه‌نگاونان بۆ ئابووریی سه‌ربه‌خۆی، به‌دوای خۆیدا هێنا.

ئه‌مڕۆش دوای بیست و شه‌ش ساڵ له‌ ڕاپه‌ڕین، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و گه‌لی كوردستان به‌گشتی بۆ پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانی ڕاپه‌ڕین و بنیاتنانی ئاینده‌یه‌كی باشتر، دلێرانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ تیرۆرستان ڕاوه‌ستاون و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رگری له‌ كوردستان و مرۆڤایه‌تی و به‌ها مرۆییه‌كان ده‌كه‌ن.

ئه‌م یاده‌ به‌ ده‌رفه‌تێك ده‌زانین بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ سوپاسی هه‌موو چین و توێژه‌كانی گه‌لی كوردستان بكه‌ین كه‌ هه‌ستیاری و سه‌ختیی دۆخی ئه‌مڕۆ و كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان تێده‌گه‌ن و دڵسۆزانه‌ و به‌ گیانێكی به‌رزی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌وه‌ به‌رگه‌یان گرتووه‌ و ده‌گرن. هیوادارین ئه‌م یاده‌ پڕ شكۆیه‌ ببێته‌ ده‌رفه‌ت و هانده‌رێك بۆ پێكه‌وه‌كاركردن و ته‌بایی له‌نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كاندا تا پێكه‌وه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ ئه‌م قۆناغه‌ش تێپه‌ڕێنین و بگه‌ینه‌ كه‌ناری ئارامی و سه‌ركه‌وتن.

هه‌روه‌ها سوپاسی وڵاتانی هاوپه‌یمان و دۆستان له‌ جیهان ده‌كه‌ین كه‌ وه‌ك چۆن له‌ ڕاپه‌ڕینی ئاداری هه‌زار و نۆ سه‌د و نه‌وه‌د و یه‌كدا گه‌لی كوردستانیان پاراست و هاوكارییان كرد، ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ قارمانه‌كان، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان به‌رگری له‌ كوردستان ده‌كه‌ن و تیرۆرستان تێكده‌شكێنن.

دووباره‌ ئه‌م یاده‌ مه‌زنه‌ له‌ هه‌موو كوردستانییان پیرۆز بێت، هیوادارین یاده‌كانی داهاتوو له‌ سایه‌ی به‌دیهاتنی ته‌واوی ئامانجه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستاندا بكه‌ینه‌وه‌. دڵنیاین سه‌ركه‌وتن بۆ گه‌لی كوردستانه‌ و ئاینده‌یه‌كی ڕووناك چاوه‌ڕێمان ده‌كات. به‌رز و شكۆدار بێت یادی شه‌هیدان، سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری بۆ گه‌لی كوردستان. ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێنجی سێی دوو هه‌زارو حه‌ڤده‌.
BA PARASTINI KURDISTAN BIBETE FERHENGI HEMUMAN
Copyright © All Right Reserved Kurdistan Tv