راپۆرت_ تیروپشكى چامپیۆنس لیگ كاردانه‌وه‌ى جیاى لێكه‌وته‌وه‌
راپۆرت_ تیروپشكى چامپیۆنس لیگ كاردانه‌وه‌ى جیاى لێكه‌وته‌وه‌ 17.03.2017 | 15:59
قۆناغى هه‌شته‌مى خولى یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانى ئه‌وروپا دوو رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى لوتكه‌ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ به‌خۆوه‌ ده‌بینێت، له‌شارى نیۆنى وڵاتى سویسرا تیروپشكى قۆناغى هه‌شتى خولى یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانى ئه‌وروپا راكێشرا، له‌یه‌كه‌م رووبه‌رووبونه‌وه‌ى به‌هێزدا ریال مه‌دریدى ئیسپانى به‌رامبه‌ر بایرن میونخى ئه‌ڵمانى یارى ده‌كات، ئه‌م رووبه‌روو بوونه‌وه‌یه‌ به‌ یارى گه‌وره‌كان داده‌نرێت به‌وپێیه‌ى دوو یانه‌ى مێژوویى و پڕاوپڕ له‌ئه‌ستێره‌ن.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌م رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى كارلۆ ئه‌نچیلۆتى راهێنه‌رى بایرن میونخ و زێنه‌دیدن زێدانى راهێنه‌رى ریال مه‌دریده‌ دواى ئه‌وه‌ى دوو وه‌رز له‌مه‌وبه‌ر هه‌ردوكیان وه‌ك راهێنه‌ر و یاریده‌ده‌ر له‌ ریال مه‌درید كاریان كردو توانیان نازناوى خولى یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانى ئه‌وروپا بۆ یانه‌ى شاهانه‌ ببه‌نه‌وه‌.

له‌كاردانه‌وه‌ى ئه‌م یارییه‌ ئیمیلیۆ پۆتراگینۆ به‌رێوه‌به‌رى په‌یوه‌ندیه‌كانى ریال مه‌درید له‌لێدوانێكدا رایگه‌یاند: ئه‌م تیروپشكه‌ باش نه‌بوو بۆ تیپه‌كه‌مان، رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى بایرن میونخ قورسه‌ بۆ ئێمه‌، ئه‌وان خاوه‌ن راهێنه‌رێكى به‌ئه‌زمون و كۆمه‌ڵێك یاریزانى ئاست به‌رزن.

كارلۆ ئه‌نچیلۆتى راهێنه‌رى یانه‌ى ریال مه‌دریدیش گوتى: تیروپشكه‌كه‌ قورسه‌، من ده‌زانم ریال مه‌درید چه‌نده‌ به‌هێزه‌، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ ئێمه‌ نازناوه‌كه‌مان مه‌به‌سته‌و متمانه‌م به‌یاریزانه‌كانم هه‌یه‌.

پێشتر هه‌ردوو یانه‌ 22 جار له‌ چامپۆنس لیگ رووبه‌رووى یه‌كتربوونه‌ته‌وه‌، ریال مه‌درید له‌ 8 یارى براوه‌بوه‌و له‌ یارییه‌كیش به‌رامبه‌ربوون و بایرن میونخیش 13 سه‌ركه‌وتنى به‌ده‌ستهێناوه‌.

له‌ دووه‌م رووبه‌روبوبوونه‌ى به‌هێزى قۆناغى هه‌شته‌مى خولى یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانى ئه‌وروپا یارى نێوان هه‌ردوو یانه‌ى به‌رشلۆنه‌ى ئیسپانى و یۆڤێنتوسى ئیتاڵیه‌، ئه‌م یاریه‌ش لوتكه‌ و ئاگرینه‌ به‌و پێیه‌ى دوو یانه‌ى هه‌ره‌ به‌هێز و مێژوویى رووبه‌رووى یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌.

دانى ئه‌لڤێشى یاریزانى پێشوى برشلۆنه‌ و ئێستاى یوڤێنتوس بۆ یه‌كه‌مجار بۆ رووبه‌رووبونه‌وه‌ى به‌رشلۆنه‌ ده‌چێته‌وه‌ یاریگاى كامپ نۆ، هه‌ردوو یانه‌ له‌ رێگه‌ى نوێنه‌ره‌كانیانه‌وه‌ رایانگه‌یاند كه‌ ئه‌ركیان قورسه‌، جێگرى سه‌رۆكى یانه‌ى به‌رشلۆنه‌ جۆردى میسترى گوتى: یوڤێنتوس یانه‌یه‌كى مێژوویی و مه‌زنه‌ دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ یارى كۆتایى چامپیۆنس لیگ رووبه‌روویان بوینه‌وه‌، راسته‌ براوه‌ بوین به‌ڵام تیپێكى زۆر زه‌حمه‌ته‌.

پاڤێل نێدڤێدى جێگرى سه‌رۆكى یانه‌ى یۆڤێنتوسیش رایگه‌یاند: ئێمه‌ رووبه‌رووى یه‌كێك له‌ به‌هێزترین یانه‌ى جیهان بوینه‌وه‌، به‌ڵام پێویسته‌ رێزیان بگرین و زۆر به‌ته‌ركیز و بێ ترس یارییان له‌گه‌ڵ بكه‌ین چونكه‌ ئێمه‌ ده‌جه‌نگین بۆ سه‌ركه‌وتن.

پێشتر هه‌ردوو یانه‌ له‌ 5 یارى چامپیۆنس لیگ رووبه‌رووى یه‌كتربونه‌ته‌وه‌، یۆڤێنتوس له‌ یارییه‌كدا براوه‌بووه‌ له‌ دوو یاریش به‌رامبه‌ربوون، برشلۆنه‌ش له‌ دوو یارى سه‌ركه‌وتنى به‌ده‌ستهێناوه‌ كه‌ دواهه‌مینیان دوو وه‌رز له‌مه‌وبه‌ر بوو له‌ یارى كۆتایى.

له‌ ئه‌ركێكى تاراده‌یه‌ك ئاسانیشدا ئه‌تله‌تیكۆ مه‌دریدى ئیسپانى رووبه‌رووى لیسته‌ر سیتى ئینگلیزى ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ هه‌ردوو یانه‌ رووبه‌رووى یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌ به‌رپرسانى هه‌ردوو یانه‌ش تاراده‌یه‌كى زۆر رازین و دڵخۆشن به‌م یارییه‌، له‌ یارییه‌كى هاوسه‌نگیشدا هه‌ردوو یانه‌ى برۆسیا دۆرتمۆندى ئه‌ڵمانى و مۆناكۆى فه‌ره‌نسى رووبه‌رووى یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌، هه‌ردوو یانه‌ به‌هێزن و ئاستیان تاراده‌یه‌كى زۆر له‌ یه‌كتریه‌وه‌ نزیكه‌.

ئه‌مانیش هه‌م نوێنه‌ى دۆرتمۆند و هه‌میش مۆناكۆ ته‌واو دڵخۆشن به‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى نێوانیان چونكه‌ پێیان وایه‌ هاوسه‌نگن، یاریه‌كانى چوون له‌ رۆژانى 11 و 12ى مانگى داهاتوو ئه‌نجام ده‌درێت و یارى گه‌ڕانه‌وه‌ى نێوانیشان له‌ رۆژانى 18 و 19ى هه‌مان مانگ به‌رێوه‌ده‌چێت.
BA PARASTINI KURDISTAN BIBETE FERHENGI HEMUMAN
Copyright © 2015 All Right Reserved Kurdistan Tv