سه‌رۆك بارزانی: تیرۆریستانی زاڵم كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر پێی ئێزییدییه‌كان
سه‌رۆك بارزانی: تیرۆریستانی زاڵم كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر پێی ئێزییدییه‌كان 17.03.2017 | 12:33

به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ میر ته‌حسین میری ئێزیدییه‌كان و بابێ شێخ و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی ڕووحانیی ئێزیدی كرد و له‌ دیداره‌كه‌دا باس له‌ بارودۆخ و گرفت و كێشه‌كانی ده‌ڤه‌ری شنگال و هه‌روه‌ها دواڕۆژی ئێزیدییه‌كان كرا.

له‌ دوای ئه‌م دیداره‌دا سه‌رۆك بارزانی به‌ ئاماده‌بوونی میرته‌حسین میری ئێزیدیان و بابێ شێخ و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی ڕووحانیی ئێزیدی له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رفراواندا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ كه‌سایه‌تیی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و ڕۆشنبیری و ئیداری و سه‌ربازیی ئێزیدییه‌كانی شنگال و ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان كۆبۆوه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك بارزانی ڕۆشنایی خسته‌سه‌ر ئه‌و كاره‌سات و نه‌هامه‌تییه‌ی به‌سه‌ر گه‌لی كوردستاندا هاتووه‌ و كاره‌ساتی شنگالیشی به‌ ئه‌ڵقه‌یه‌ك له‌ زنجیره‌ی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ له‌ قه‌ڵه‌مدا كه‌ دوژمن له‌دژی گه‌لی كوردستان ئه‌نجامی داوه‌.

ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه‌ ئێزیدییه‌كان به‌ درێژایی مێژوو تووشی زوڵم و ئینكار هاتوونه‌ و ئه‌و زوڵمه‌یش به‌هۆی پێناسه‌ی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی ئێزیدییه‌كان بووه‌.

ئه‌وه‌یشی دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ عیباده‌ت و دینداریی ئێزیدییه‌كان به‌ زمانی كوردییه‌ و ئێزیدییه‌كان كوردی ڕه‌سه‌نن و هیچ كه‌س و لایه‌نێكیش بۆی نییه‌ هیچ پێناسه‌یه‌ك به‌سه‌ر ئێزیدییه‌كاندا بسه‌پێنێت.

سه‌رۆك بارزانی ئێش و ئازاری ئێزیدییه‌كانی به‌ ئێش و ئازاری هه‌موو گه‌لی كوردستان زانی، هه‌ربۆیه‌ش پێشمه‌رگه‌ بۆ ئازادكردنی چیای شنگال و شنگال و ڕێگاكانی سه‌دان شه‌هیدی به‌خشی.

سه‌رۆك بارزانی هێمایشی به‌وه‌دا كه‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ تۆڵه‌ی له‌ تیرۆریستانی داعش كرده‌وه‌ و ئێستا تیرۆریستانی زاڵم كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر پێی ئێزییدییه‌كان و له‌ ئایینده‌دا هه‌موو ئه‌و ناوچه‌ و گوندانه‌ی له‌ژێر ده‌ستی داعش ماون ئازاد ده‌كرێن و پێویستیشه‌ ڕێوشوێنی وا بگیرێته‌به‌ر كه‌ چیتر كاره‌سات له‌دژی ئێزیدییه‌كان دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ و بپارێزرێن.

له‌درێژه‌ی وته‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی ڕۆشنایی خسته‌سه‌ر ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خه‌ڵك و به‌ پارێزگاكردنی شنگال و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ له‌ڕێگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كار بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ژیان و بووژانه‌وه‌ بۆده‌ڤه‌ری شنگال بكرێت و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ بتوانن پشت به‌ خۆیان ببه‌ستن.

سه‌باره‌ت به‌ بوونی هێزی تر له‌م ده‌ڤه‌ره‌ سه‌رۆك بارزانی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ هه‌تا داموده‌زگه‌ی ڕه‌سمیی هه‌رێم و هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری شنگالدا هه‌یه‌ ناكرێ هێزی تر هه‌بێ كه‌ ڕێگه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و چالاكییه‌كانی داموده‌زگه‌ی حكوومی و جموجۆڵی پێشمه‌رگه‌ بگرێت.

په‌یوه‌ست به‌م باسه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی بۆچوونی وڵاتان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیشی له‌باره‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال شیكرده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن هه‌تا هێزی نایاسایی له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا مابێ ئاماده‌ نین یارمه‌تیی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال بده‌ن. هه‌ر له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئاماده‌بووان سوپاسی خه‌مخۆری و هه‌وڵ و ماندووبوونی سه‌رۆك بارزانیان كرد له‌ به‌جێگه‌یاندنی به‌ڵێنی ئازادكردنی شنگال و چیای شنگال و داوایشیان كرد هه‌روه‌كچۆن له‌ قۆناغی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق و قۆناغه‌كانی تر و تێكشكاندنی تیرۆریستان سه‌رۆك بارزانی پشتیوانی ئێزییدییه‌كان بووه‌ له‌ ئایینده‌یشدا چاویان له‌وه‌یه‌ سه‌رۆك بارزانی پشتیوانیان بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان و پاراستنیان له‌ پیلانی ناحه‌زان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ ئاماده‌بووان له‌باره‌ی كێشه‌كانی ده‌ڤه‌ری شنگال و باشیك و ڕه‌وشی ئێزییدییه‌كان له‌ كوردستان و به‌جینۆسایدناساندنی كاره‌ساتی شنگال و ئازادكردنی ئه‌و ئێزیدیانه‌ی هێشتا له‌ژێر ده‌ستی داعشدان، تێبینی و پێشنیاری خۆیان ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی كرد.

جێگه‌ی ئاماژه‌پێكردنه‌ له‌باره‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال و داواكاری و پێویستییه‌كانی خوشك و برا ئێزییدییه‌كان میری ئێزییدیان و بابێ شێخ و ئه‌نجوومه‌نی ڕووحانیی ئێزییدییه‌كان یادداشتنامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی كرد.
BA PARASTINI KURDISTAN BIBETE FERHENGI HEMUMAN
Copyright © 2015 All Right Reserved Kurdistan Tv