له‌ یادى كیمیابارانیدا، حكوومه‌ت چه‌ند بڕیارێكى بۆ پاڕێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ركرد
له‌ یادى كیمیابارانیدا، حكوومه‌ت چه‌ند بڕیارێكى بۆ پاڕێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ركرد 16.03.2017 | 13:02

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 16/3/2017 به‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی ئاساییی خۆی ساز دا.

له‌ سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران له‌ بیست و نۆیه‌مین ساڵیادی كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیددا، شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌بیرهێنایه‌وه‌ و هاوده‌ردی و هاوخه‌میی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری قوربانیان و گه‌لی كورستان دووپات كرده‌وه‌ و كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌‌ برینێكی قووڵ له‌ جه‌سته‌ی كوردستاندا ناوه‌زه‌د كرد كه‌ هه‌رگیز بیرناچێته‌وه‌.

پاشان كاتژمێر 11ى پێشنوه‌ڕۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌كه‌ى وه‌ستاند بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ڕێوڕه‌سمی ساڵانه‌ى ئه‌و یاده‌دا بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاكى شه‌هیدان، له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا به‌ ئاماده‌بوونى هه‌موو كارمه‌ندانى ئه‌نجومه‌نى ‌وه‌زیران به‌شدار بن.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا یه‌كێك له‌ قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ناوی مه‌ریه‌م هه‌ڵه‌بجه‌یی كه‌ یه‌كێك له‌و مناڵانه‌یه‌‌ له‌ كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌دا دایكوباك و كه‌سوكاری له‌ ده‌ست داوه‌، وه‌ك سومبولێكی ئه‌و قوربانییانه‌ و به‌ نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌و مناڵانه‌، به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كرد.

دواى كۆتاییهاتنى ڕێوڕه‌سمه‌كه‌، ‌كۆبوونه‌وه‌كه به‌رده‌وام بوو، تیایدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران تیشكی‌ خسته‌ سه‌ر دوایین سه‌ردانی به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقی فیدرال بۆ هه‌رێمی كوردستان و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ جه‌نابی مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه‌ تیایدا ستایشی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عیراقی كردووه‌، هه‌روه‌ها دووپاتی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی عیراق له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ نییه‌ له‌ شه‌نگال و نابێ له‌وێ بمێنن، چونكه‌ مانه‌وه‌یان ده‌بێته‌ هۆی نانه‌وه‌ی پشێوی و ئاڵۆزی له‌ ناوچه‌كه‌دا. به‌ڕێز عه‌بادى هه‌مان ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى له دیداریدا له‌گه‌ڵ جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى له‌ سلێمانیش دووپات كردووه‌ته‌وه‌.‌

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ چۆن كاتێك كۆبانێ پێویستى به‌ هاوكاریى پێشمه‌رگه‌ بوو، دواى ته‌واوبوونى ئه‌ركیان پێشمه‌رگه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان، وێڕاى سوپاسكردنى په‌كه‌كه‌ بۆ هاوكاریكرنى هه‌رێمى كوردستان له‌و كاتانه‌دا كه‌ پێویستى به‌و هاوكارییه‌ هه‌بووه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ ئێستا ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه‌ و شه‌نگال جێبهیڵن، چونكه‌ مانه‌وه‌یان ده‌بێته‌ هۆى نانه‌وه‌ى كێشه‌ و ئاڵۆزى.


له‌ ته‌وه‌رى یه‌كه‌مى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران چه‌ند بابه‌تێكى ده‌ر‌باره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه تاوتوێ كرد و ئەم بڕیارانه‌ى ده‌ركرد:

1- ڕاسپاردنی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ناردنی ناوی پاڵێواراوان بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئەنجومەنی وەزیران کە بەپێی ماددەی (2) لە یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجەدا، ئەندامەکانی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەستنیشان دەكرێن و لایەنە سیاسییەكان لەسەر دابەشكردنی ئەندامانی ئەنجومەنەكە لە 12/3/2017 ڕێككەوتوون و بڕیار درا لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنى وه‌زیراندا پەسەند بکرێت.

2- جیاكردنەوەی داراییی پارێزگای هەڵەبجە لە داراییی پارێزگای سلێمانی، ئه‌وه‌ش بەپێی ماددەی (8) لە یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە كه‌ هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكه‌ى هەرێمی كوردستان، پارێزگاكە خاوەنی بودجە و سەربەخۆییی داراییی خۆی دەبێت، یاساكەش ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێكردنی ئەم خاڵە.

3- ڕاسپاردنی وەزیرە بەڕێزەکان بۆ دراسەکردنی کردنەوەی بەڕێوەبەرایتییە گشتییەکان کە تا ئێستا دەستبەکار نەبوون. بەپێی ماددەی (9) لە یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە، پارێزگاكە هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكه‌ مامەڵه‌ى ‌له‌گه‌ڵدا دەكرێت و سەرجەم بڕگەكانی یاسای پارێزگاكانی بەسەردا جێبەجێ دەكرێت، تا ئێستاش بەڕێوەبەری گشتی بەوەكالەت بۆ (پەروەردە، كشتوكاڵ، كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، شارەوانییەكان، كاروباری كۆمەڵایەتی، ڕێگاوبان) و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە، دەستبەکار بوون.

4- سەرەڕای پەسەندكردنی به‌پارێزگابوونی هەڵەبجە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدرالی ژمارە (568) لە 31/12/2013 و بڕیاری تەشریعیی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (11)ی ساڵی 1999 بۆ به‌پارێزگابوونی هەڵەبجە و بەپێی ماددەی (141) لە دەستووری عێـراق، گشت ئەو یاسایانەی لە هەرێمی كوردستان لە پێش ساڵی 2005 كاریان پێكراوە بەردەوام دەبن، به‌ڵام وێڕاى هاتنی ناوی هەڵەبجە وه‌ك پارێزگا لە یاسای بودجەی فیدرالیدا، هێشتا لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدرال هەنگاوی پێویست نەنراوە، بەتایبەتی بۆ بابەتەكانی پەیوەندیدار بە (ناسنامەی باری شارستانی، ڕەگەزنامە، كارتی نیشتمانی، فۆرمی خۆراك، تابلۆی ژمارەی ئۆتۆمبێل) بۆ پارێزگای هەڵەبجە تا لە پارێزگای سلێمانی جیا بكرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێز وەزیری ناوخۆ ڕاسپێردرا بۆ سەردان و پەیوەندیكردن بە وەزارەتی ناوخۆی فیدرالییه‌وه‌.

5- له‌سه‌ر پێشنیارى به‌ڕێز وه‌زیرى ته‌ندروستى نەخۆشخانەی هەڵەبجە کە تایبەتە بە بریندارانی چەکی کیمیایی و بیناکەی تەواو بووە بكرێته‌وه‌ و میلاکاتی پزیشكى بۆ دابمەزرێت و بخرێتە گەڕ.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ چوارچێوه‌ى نه‌خشه‌‌ڕێگاى نوێكردنه‌وه و چاكسازى له‌ كه‌رتى داراییى گشتیدا كه‌ دوو ساڵ پێشتر ده‌ستى پێكردووه‌، چه‌ند په‌یره‌و و بڕیارێكى په‌سه‌ند كرد به‌مه‌به‌ستى چاكسازى له‌ كه‌رتى به‌ڕیوه‌بردنى باجه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئه‌ویش به‌ پێكهێنانى یه‌كه‌یه‌كى نوێ له‌ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ و نوێكردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ و میكانیزمى وه‌رگرتنى باج به‌ هه‌مان ڕێژه‌كانى ئێستا له‌ گه‌وره‌ باجده‌ران له‌ ڕێگه‌ى به‌كارهێنانى ته‌كنه‌لۆژیاى زانیارى له‌ بوارى كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى له‌سه‌ر باجده‌ران، گۆڕینى شێوازى خه‌ملاندنى داهاتى باجده‌ران، كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕۆتین به‌ پێشكه‌شكردنى به‌ڵگه‌نامه‌كانى په‌یوندار به‌ باج، ڕیگه‌گرتن له‌ خۆدزینه‌وه‌ له‌ دانى باج و باشتركردنى خزمه‌تگوزارییه‌كانى به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى باج بۆ باجده‌ران.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران گفتوگۆى له‌سه‌ر نه‌خشه‌ڕیگه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان كرد و بڕیارى دا له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا به‌ ئاماده‌بوونى هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه‌ى تایبه‌ت له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت تاكو نه‌خشه‌ڕێگاكه‌ ببێته‌ پڕۆژیه‌كى گشتگیر بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ ته‌شه‌نه‌كردنى بازرگانى و به‌كارهێنانى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، بۆ ئه‌مه‌ش وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌نداره‌كان ڕاسپێردران.

لە تەوەرێکی دیكه‌ى کۆبونەوەکەدا بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران باسی لە سەردانەکەی و شاندێكى یاوه‌رى بۆ ناوچەی گەرمیان و ئەنجامدانی چەند کۆبونەوەیەک لەگەڵ ئیدارەی گه‌رمیان و ده‌ركردنى چه‌ند بڕیارێکى گرنگ سه‌باره‌ت پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و خزمه‌تكردنى هاووڵاتیانى ئه‌و ده‌ڤه‌ره، كرد‌. لەوبارەیەوە بەڕێز وەزیری ناوخۆی ڕاسپێردرا بۆ دیراسەکردنی دابەشکردنی میلاکاتی وەزارەتی ناوخۆ لەو دەڤەرە بۆ دابینكردنى پێداویستییه‌كانیان.

هەروەها باسی لە کەموکورتیەکانی مەرزی پەروێزخان کرد كه‌ له‌ چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی ئیدارەی گشت مەرزە سنوورییەکاندا، چارەسەری کەموکورتیەکانیان بکرێت به‌تایبه‌تى له‌ ڕووى بیناوه‌. جەختیشی له‌ پێویستیى خزمەتی زیاتری گەرمیان كرده‌وه‌ و سوپاسی بەڕێز سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوبەرایەتیەکانی گەرمیانی کرد کە کاری باشیان کردووە و توانیویانە خزمەت بە دەڤەرەکیان بکەن.

ئاماژەی بەوەش دا کە گەرمیان بە گشتی کێشەی نەبوونی پڕۆژه‌ى نیشته‌جێبوونیان هەیە، بەشێکی زۆری پڕۆژەکانیش له‌ گەرمیان پێویستییان به‌ دابینكردنى بودجە هه‌یه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیارى دا ئەو چەند پڕۆژەیەى له‌وێ وەستێنراون بخرێنه‌وە گەڕ.
BA PARASTINI KURDISTAN BIBETE FERHENGI HEMUMAN
Copyright © 2015 All Right Reserved Kurdistan Tv