له‌ چه‌ند شارۆچكه‌یه‌ك به‌ كردنه‌وه‌ی ئاگر، جه‌ژنی نه‌ورۆز پیرۆزكرا
له‌ چه‌ند شارۆچكه‌یه‌ك به‌ كردنه‌وه‌ی ئاگر، جه‌ژنی نه‌ورۆز پیرۆزكرا 20.03.2017 | 18:07

له‌ زاخۆ به‌رپرسانی ئیداری و سیاسی و چین و توێژه‌كان به‌ گوڕوتینه‌وه‌ به‌شدارییان له‌ ئاهه‌نگی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی نوێی كوردی كرد. به‌رپرسانی ئیداری و سیاسیی ناوچه‌كه‌ جه‌ختیان له‌ یه‌كڕیزی و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كورد كرده‌وه‌و داوایانكرد كه‌ پرسی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌پێش به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبییه‌كان دابنرێت و هه‌موو لایه‌ك پێكه‌وه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی بنێنن.

هه‌روه‌ها چین و توێژه‌كان وێرای پاڵپشتی خۆیان بۆ سه‌رۆك بارزانی و پێشمه‌رگه‌، جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئێستا كاتی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردییه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌و راشیانگه‌یاند كه‌ رووبه‌ڕووی هه‌موو هه‌وڵێك ده‌بنه‌وه‌ كه‌ ببێته‌ به‌ربه‌رست له‌ به‌رده‌م خواسته‌كانی گه‌لی كورد.

هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری سۆرانیش له‌ كه‌رنه‌ڤاڵی جه‌ماوه‌ری دا ئاگری نه‌ورۆز كرایه‌وه‌ و هاووڵاتیان به‌ گوڕ و تینه‌وه‌ به‌شدارییان له‌ جه‌ژنه‌كه‌دا كرد. په‌یامنێرانی كوردستان تیڤی پێیان راگه‌یاندین كه‌ له‌ رێوڕه‌سمی تایبه‌تدا به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی ئیداری و سیاسی و چین و توێژه‌كان له‌ سۆران و رواندوز و باڵه‌كایه‌تی و مێرگه‌سۆر و بارزان، ئاگری نه‌ورۆز كرایه‌وه‌ و هاووڵاتیان جه‌ختیان له‌ یه‌كڕیزیی لایه‌نه‌كان و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ كه‌ به‌ خوێنی هه‌زاران شه‌هید هاتۆته‌دی. هه‌روه‌ها هاووڵاتیان خوازیان بوون كه‌ له‌ ساڵی نوێی كوردیدا، گه‌لی كورد بگاته‌ خه‌ونه‌ مێژینه‌ییه‌كه‌ی كه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌.

هه‌روه‌ها له‌ قه‌ڵای شێروانه‌ی سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان، رێوڕه‌سمێك رێكخرا و چه‌ند چالاكییه‌ك به‌ڕێوه‌چوون و ئاگری نه‌ورۆزیش كرایه‌وه‌. په‌یامنێری كوردستان تی ڤی پێی راگه‌یاندین كه‌ له‌ رێوڕه‌سمێكدا به‌ ئاماده‌بوونی چین و توێژه‌كان له‌ قه‌ڵای شێروانه‌ به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی كوردییه‌وه‌ ئاگری نه‌ورۆز كرایه‌وه‌ و چه‌ند گۆران و هه‌ڵپه‌ڕێكێش سازكران كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌شتیاری بیانیش به‌شدارییان كرد.
BA PARASTINI KURDISTAN BIBETE FERHENGI HEMUMAN
Copyright © 2015 All Right Reserved Kurdistan Tv