رێژه‌یه‌كی به‌رچاوی گه‌شتیار بۆ جه‌ژنی نه‌ورۆز سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌
رێژه‌یه‌كی به‌رچاوی گه‌شتیار بۆ جه‌ژنی نه‌ورۆز سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌ 20.03.2017 | 18:43

به‌ مه‌به‌ستی به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش له‌ رۆژانی پشووی جه‌ژنی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی نوێی كوردی، له‌ سنووری نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران رێژه‌یه‌كی به‌رچاوی گه‌شتیاران روو له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن. له‌مباره‌یه‌وه‌ مه‌سعود ئه‌حمه‌د باتێلی، سه‌رپه‌رشتیاری كۆمه‌ڵگه‌ی سنووری نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران به‌ كوردستان تی ڤی راگه‌یاند: ئه‌مساڵ رێژه‌یه‌كی زۆری گه‌شتیاران به‌هۆی ئارامی و به‌رقراربوونی ئاسایش له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان روو له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.

باتێلی راشیگه‌یاند: له‌ سه‌ره‌تای مانگی سێی ئه‌مساڵ تا ئێستا به‌ به‌رده‌وامی رۆژانه‌ دوو هه‌زار و پێنجسه‌د گه‌شتیار له‌م سنووره‌ هاتووچۆیان كردووه‌، ئه‌م رێژه‌یه‌ش به‌راورد به‌ پێش جه‌ژنی نه‌ورۆزی پارساڵ له‌ سه‌دا ده‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆوه‌ دیوه‌. به‌پێی ئاماری بنكه‌ی نشینگه‌ و پاسپۆرتی خاڵی سنووری حاجی ئۆمه‌ران له‌ بیست رۆژی رابردوودا نزیكه‌ی پێنج هه‌زار تا په‌نجا هه‌زار گه‌شتیار له‌م سنووره‌ هامووشۆیان كردووه‌.

سه‌رپه‌رشتیاری كۆمه‌ڵگه‌ی سنووری حاجی ئۆمه‌ران ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد هاتنی گه‌شتیاران له‌رێگای پاسی گه‌شتیاری و ئۆتۆمبێلی تایبه‌تی خۆیانه‌وه‌ روو له‌ پایته‌ختی كوردستان و شاره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ به‌شداری له‌و ئاهه‌نگانه‌دا بكه‌ن كه‌ به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی سه‌ری ساڵی نوێی كوردی له‌ كه‌شێكی ئارامدا له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چن. هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: بۆ هه‌ر گه‌شتیارێك بیست و پێنج هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت، ئه‌مه‌ش سوودێكی زۆرباش به‌ داهاتی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێ.

ناوبراو گووتیشی: هاتووچۆی گه‌شتیاری له‌ سنووری حاجی ئۆمه‌ران به‌رده‌وامی ده‌بێت و له‌رۆژانی جه‌ژنی نه‌ورۆزیشدا رێوشوێنی ئیداری و به‌رنامه‌ی تایبه‌ت گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ پێشوازی له‌ گه‌شتیاران.

سه‌باره‌ت به‌ جموجۆڵی بازرگانی له‌م سنووره‌، باتێلی رایگه‌یاند، ته‌نها له‌ رۆژی یه‌كه‌می جه‌ژنی نه‌ورۆز به‌ فه‌رمی بزاوتی بازرگانی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌وه‌ستێ، رۆژانی دووه‌م و سێیه‌می جه‌ژنی نه‌ورۆزیش جموجۆڵه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی پشووه‌كان و سه‌رقاڵی شۆفێر و بازرگانان به‌ پشووه‌كانی نه‌ورۆزه‌وه‌ جموجۆڵه‌كه‌ ره‌نگه‌ سه‌دا هه‌شتا كه‌مبێته‌وه‌.
BA PARASTINI KURDISTAN BIBETE FERHENGI HEMUMAN
Copyright © 2015 All Right Reserved Kurdistan Tv