چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌ك به‌غدایان هه‌ژاندو ژماره‌یه‌كی كوژراوو برینداریان لێ كه‌وته‌وه‌
چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌ك به‌غدایان هه‌ژاندو ژماره‌یه‌كی كوژراوو برینداریان لێ كه‌وته‌وه‌ 11.01.2017 | 18:21

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منى عیراق رایگه‌یاند كه‌ ئێواره‌ى چوارشه‌ممه‌ ئۆتۆمبیلێكى بۆمبڕێژكراو له‌نزیك قوتابخانه‌یه‌ك له‌ ناوچه‌ی ریساله‌ له‌ باشووری رۆژئاوای به‌غدا ته‌قییه‌وه‌و له‌ ئاكامدا پێنج كه‌س برینداربوون.

پێشتریش بۆمبێكى چێنراو له‌ نزیك بازاڕێكى گه‌ڕه‌كى شه‌هیدان له‌ شاره‌دێى یووسفییه‌ له‌ باشووری به‌غدا ته‌قییه‌وه‌و له‌ ئاكامدا دوو كه‌س كوژران و هه‌شت كه‌سی دیكه‌یش برینداربوون.

هاوكات نیوه‌ڕۆى چوارشه‌ممه‌ سێ ته‌قینه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ی عتێفییه‌ له‌ ناوه‌ندی به‌غدا روویان دا دوویان به‌ بۆمبی چێنراوو ئه‌وى دیكه‌یان بۆمبێكی ده‌نگی بوو، له‌ ئاكامدا دوو كه‌س كوژران و نۆی دیكه‌یش بریندار بوون. هاوكات بۆمبێكى چێنراو له‌ بازاڕێكی میللی له‌ناوچه‌ی به‌كرییه‌ ته‌قیییه‌وه‌و له‌ ئاكامدا یه‌ك كه‌س كوژراو پێنج كه‌سی دیكه‌یش برینداربوون.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ بۆمبێكی چێنراو له‌ ناو ئۆتۆمبیلی فه‌رمانبه‌رێكى وه‌زاره‌تی دارایی له‌ ناوچه‌ی غه‌زالییه‌ ته‌قییه‌وه‌و ده‌ست به‌جێ كوژرا، له‌ كاتێكدا پۆلیس ته‌رمێكیان له‌ باغێكی ناوچه‌ی یووسفییه‌ دۆزییه‌وه‌و ژماره‌یه‌ك چه‌كدارشی هێرشیان كرده‌ سه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی ده‌سته‌ى دادپه‌روه‌ری لێپرسینه‌وه‌ له‌كاتێكدا له‌ ماڵه‌كه‌ى خۆى له‌ گه‌ڕه‌كى به‌له‌دیات له‌ رۆژهه‌ڵاتی به‌غدا ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌و ده‌ست به‌جێ كوشتیان.
BA PARASTINI KURDISTAN BIBETE FERHENGI HEMUMAN
Copyright © 2015 All Right Reserved Kurdistan Tv