پێشبینی ده‌كرێت گه‌شه‌ی ئابووری عێراق له‌مساڵدا سنووردار بێت
پێشبینی ده‌كرێت گه‌شه‌ی ئابووری عێراق له‌مساڵدا سنووردار بێت 18.03.2017 | 15:32

سندوقی دراوى نێوده‌وڵه‌تی پێشبینی كرد كه‌ له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك گه‌شه‌ی ئابووری عێراق له‌مساڵدا سنووردار بێت كه‌ گرنگترین هۆكاره‌كانیش، پایه‌ندبوونی عێراقه‌ به‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌ی ئۆپێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ سندوقی ناوبراو بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ چالاكی و گه‌شه‌ی ئابووری عێراق له‌ ساڵی دووهه‌زار و حه‌ڤده‌ به‌ سنوورداری ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی عێراق له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتننامه‌كه‌ی ئۆپێك ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به‌ڕێژه‌ی سه‌دا یه‌ك پۆینت پێنج كه‌م ده‌كاته‌وه‌.سندوقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ كۆی گه‌شه‌ی ئابووری عێراق له‌ ساڵی دووهه‌زار و شازده‌دا، به‌پشتیوانی زیادبوونی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت گه‌یشتبووه‌ یازده‌ له‌سه‌دا.

سندوقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دووپاتی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی شه‌ڕه‌كانی دژبه‌ داعش و دابه‌زینی نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا، عێراق زیانی پێگه‌یشتووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌یارمه‌تی دارایی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حكوومه‌تی عێراق توانیویه‌تی قه‌یرانی دارایی و خه‌رجییه‌كان چاره‌سه‌ر بكات.

سندوقه‌كه‌ روونیشی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئابووری عێراق پێویستی به‌چاكسازی زیاتر هه‌یه‌ له‌ بواره‌كانی، دارایی، ره‌خساندنی هه‌لی كار، بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی، چاكسازی كه‌رتی بانكه‌كان و كه‌رتی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ به‌هه‌مه‌جۆركردنی ئابووری.
BA PARASTINI KURDISTAN BIBETE FERHENGI HEMUMAN
Copyright © 2015 All Right Reserved Kurdistan Tv