دۆناڵد تره‌مپ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2018 ڕاده‌ستی كۆنگرێس ده‌كات
دۆناڵد تره‌مپ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2018 ڕاده‌ستی كۆنگرێس ده‌كات 16.03.2017 | 15:05

دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌فه‌رمی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ ڕاده‌ستی كۆنگرێس ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی تاوتوێ بكرێت، به‌گوێره‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بودجه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و ئاژانسی پاراستنی ژینگه‌ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی نیویۆرك تایمز، بودجه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ سه‌دا 28 و بودجه‌ی پاراستنی ژینگه‌ سه‌دا 31 كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و بودجه‌یه‌ی خراوه‌ته‌ڕوو بۆ ساڵی 2018یه‌، ساڵی دارایی 2018 له‌ سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ ده‌ست پێده‌كات.

بودجه‌ی نوێی تره‌مپ له‌لایه‌ن دیموكراته‌كانه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی توندی لێگیراوه‌ و ئه‌وه‌ی خاڵی سه‌ركه‌وتنی تره‌مپه‌، ئه‌وه‌یه‌ زۆربه‌ی نوێنه‌رانی ئه‌نجوومه‌نی پیران و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌ ده‌ستی كۆماریه‌كاندایه‌، له‌ نێو كۆماریه‌كانیشدا هه‌ندێك نوێنه‌ر دژی پڕۆژه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپن، هه‌ندێك له‌ كۆماریه‌كان دژایه‌تی خۆیان بۆ بڕینی بودجه‌ی پاڵپشتی ئاوی خاوێن و گه‌رمكردنه‌وه‌ی ماڵه‌كان و ڕاهێنان و فێركردن ده‌ربڕیوه‌ كه‌ تره‌مپ داوای كه‌مكردنه‌وه‌ یان بڕینی كردووه‌.

یه‌كێك له‌و شتانه‌ی له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ئه‌مریكا پێداگری له‌سه‌ر كراوه‌، بریتیییه‌ له‌وه‌ی ده‌ستی حكوومه‌ت له‌ڕووی دابینكردنی بودجه‌ی به‌رگری و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران و پاراستنی سنووره‌كان كراوه‌ بێت، پێشتر باس له‌وه‌ كرابوو كه‌ تره‌مپ داوای كردووه‌ بودجه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكا به‌بڕی 54 ملیار دۆلار زیاد بكرێت.
BA PARASTINI KURDISTAN BIBETE FERHENGI HEMUMAN
Copyright © 2015 All Right Reserved Kurdistan Tv